زۆر جار کە دەچمە پرسەیەک، گورج گوێ هەڵدەخەم بۆ دەنگی قورئان خوێنی پرسەکە بۆ ئەوەی کە بزانم سەر بە کام قوتابخانەی قورئان خوێندنە. هەوڵ دەدەم بزانم ئەوانەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری میسری و سعودیەکان، یان کوردییەکانی خۆمانن. قورئان لە بنەچەدا لەسەر مەقامات دەگووترێت و هەر نەتەوە و جۆری گووتنەکەی جیاوازە. جاران شێوەی گووتنی قورئان لەلایەن مەلای کوردەوە، لە ڕووی مەقامەوە زۆربەیان لەسەر شێوەی کوردی بوون. ئەمڕۆ لەگەڵ هەوای سیاسی سەردەمدا، هەندێک لەسەر شێوەی میسری یان تورکی دەیڵێن و بەداخەوە ژمارەی ئەوانەی کە لەسەر هەوای کوردی دەیخوێنن، ڕوویان لە کەمبوونە و دەشێت گەر ئاڕاستەی ڕووداوەکان بەم جۆرەی ئەمڕۆ بڕوات، ئەو شێوە خوێندنە کوردیە بۆهەتایی لەناوبچێت. بۆیە هەندێک جار گەر لە پرسەکاندا دەمم بە مەلا دەنگ و مەقام کوردیەکان بگات، دەمخۆشیان لێ دەکەم.

جا ئەم ڕەشەبا نوێیە و ئەو گۆڕانکاریانە لە قورئان خوێندندا هەرچەندە ڕووکەش دیارن، بەڵام کە دەچیتە بنج و بناوانیان، زۆر قوڵترن و لایەنی هەمەجۆریان گرتۆتەوە. جاران مەلای کورد مەرجەعی فیکری لە مزگەوت و ناوەندە کوردیەکاندا بوو، ئەمڕۆ بەشێکی زۆریان کەتوونەتە ژێر کاریگەری ئەوانەی سعودیە و هەندێکی تر  میسر و هەندێک تورکیا. نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر، کاتێک یاقوتی حەمەوی دەگاتە شارەزوور، دەڵێت زۆربەی خوێندنگە ئیسلامیەکان بەدەست شارەزووریەکانەوەن. جا ئەو خوێندگانە هەر شوێنی خوێندنی بابەتی ئایینی نەبوون، بەڵکو زانستی ئەستێرەناسی، فەلسەفە، مێژوو، وێژە و چەندین بواری تری تێدا دەخوێندرا. تەنانەت دەڵێت ئەو شارەزووریانە حەرام و حەڵاڵ بۆ خەڵک دەستنیشان دەکەن. بەو جۆرە بیارە و سنە و ئاکرێ و دیاربەکر و سنە و چەندین شاری کوردی تر، شانبەشانی ئاینی تر، شوێنی مەرجەعی فیکری مەلای موسوڵمانی کورد و بێگانەش بوون. لەبەر ئەوە لە ڕابردوودا زۆر جار لە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان و تەنانەت لە مەکەشدا، موفتی مەزهەبی شافیعی زۆربەیان کورد بوون. بەداخەوە ئەمڕۆ بەشێکی باشی موسوڵمانی کورد، مەرجەعەکانیان لە سعودیە و تورکیا و میسرە. ئەم لەدەستدانی ناوەندە لە هەموو لایەنێکدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕوانگەی توندڕەوانەی هەندێک لە بانگخوازەکانی ئەمڕۆ کە لە کوردستاندا پەیدا بوون، بەرهەمی ئەو کاریگەریەن. تەنانەت لە جلوبەرگیشدا ئەوە دەردەکەوێت. ئێستاکە هەندێک بە دشداشە و جلی سعودیەوە موسوڵمانی خۆیان دەخەنەڕوو، لەبری مێزەر و جلی کوردی و فەقێ (فقه) یانه‌.

کاریگەری مۆسیقای ئاینی موسوڵمانی کوردیی جاران لەسەر نەتەوەکانی دراوسێشمان دیاربوو. کەسێکی تاڵیشی ڤیدیۆی هەندێک موناجاتی ئیسلامی تاڵیشی بۆ ناردم. لە شێوەی دەفلێدان و گۆرانی گووتنەکەدا، وامزانی کوردی دەڵێن. دواتر بۆم ڕوون بووەوە کە زۆریان وانەی ئاینیان لەهەورامان وەرگرتبوو. لەوێدا هەر مۆسیقا نەبووە کە کاریگەری دروست کردووە، بەڵکو خوێندنەوە کوردیەکەش بۆ ئاینەکە. ئەم خوێندنەوە کوردیە سۆفیانە، کاریگەری بەهێزی لەسەر موسوڵمانە ئەندەنووسیەکانیش بەجێهشیتووە. سێ گەورەترین کەسایەتی کاریگەر لەسەر ئەوان، برایم کوردی گۆرانی و جەعفەری بەرزنجی و سلێمانی کوردی بوون. کە زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر گەورەترین کاریگەریان لەسەر ئەندەنووسیەکان هەبووە و بەجێهشیتووە. هەر لەبەر ئەوەشە کە هەندێک لە ئەندەنووسیە موسوڵمانەکان منداڵەکانیان ناودەنێن (کوردی). کاریگەری خوێندنەوەی کوردی بۆ ئاینەکە بەشێوەیەک بوو، کە سۆفی مەزنی کوردی جیهانی، سورەوەردی توانی ئەو ڕوانگە کوردیە بکاتە جۆرێک لە ڕێچکەی  سۆفیگەری دانپێدانراو، تەنانەت لەلایەن خەلیفەی عەباسیشەوە. هەر ئەوەش وایکرد کە بێتە بە ڕێچکەیەکی بڵاو لە جیهانی ئیسلامیدا.

هەر نەتەوەیەک خوێندنەوەی خۆی هەیە بۆ ئاینێک و لە سەرەتای مرۆڤایەتی و تا ئەمڕۆش هەر وابووە. ئەو کریستیانەی لە فەرەنسایە، جیاوازیەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەو کریستیانەی کە لە بەرازیلە. لە کاتێکدا هەردووکیان سەر بە هەمان مەزهەبی کاسۆلیکین. بە هەمان شێوە ئەو ئیسلامەی لە تورکیایە، جیاوازی هەیە لەوەی سعودیە یان پاکستان. کوردیش خوێندنەوەی خۆی هەبووە بۆ ئاینەکە و بەپێی ژینگە و هەلومەرجەکەی خۆی ئەو ڕوانگەیەی داڕشتووە. مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مامۆستا مستەفا زەڵمی و مەوڵانا خالید و چەندانی تر، میراتگر و بەرهەمی ئەو خوێندنەوە کوردیەن کە تێگەیشتنێكی قوڵی ئاینەکە و فەرهەنگی کوردی لە پشتەوە بووە. 

ئەم هەوا نوێیە، زمانی شیرینی کوردیشی گرتۆتەوە. کە منداڵ بووم هەرگیز کەسم نەبینیبوو بڵێت (ئیفتار)، هەموو دەیانگووت بەربانگ. زمانی کوردی مۆزەخانەی زمانە دێرینەکانە و کلیلی تێگەیشتنە لە مێژوو و ڕەگی وشەکان. وشەکە لە دووبەش پێکهاتووە، (بەر (بەردەم،پێش) + بانگ (بانگدان)).

ئەوەی مایەی سەرنجە، وشەی bar-bang ی کوردی دەکرێت بە مانایەکی هاوشێوە بکرێتە pre-bang ی ئنگلیزی. وشەی pre ئنگلیزی هاوشێوەی bar ی کوردی مانای پێش دەدات و bang ی ئنگلیزی، هاوشێوەی bang ی کوردی مانای (دەنگێکی  توندی بەرز) دەدات و بەیەکەوە pre-bang ی ئنگلیزی ماناکەی دەبێتە (پێش- دەنگێکی بەرزی کتوپڕ). ئەمڕۆ لە فەرهەنگی ڕیشەناسی زمانی ئنگلیزیدا، نەتوانراوە ڕیشەیەکی دێرین بۆ وشەی bang ی ئنگلیزی بدۆزنەوە، بەڵام هاوبەشیی مانای وشەکە لەگەڵ bang ی زمانی کوردیدا، ئەوە دەخاتەڕوو کە وشەکە ڕیشەیەکی دێرینی هەیە.

بەو جۆرە زمانی کوردی وەک مۆزەخانەیەکی زیندوو وایە و هەریەکەمان بەشێک لەو مۆزەخانەیە پشتاوپشت لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و ڕۆژانە بەکاریدەهێنین. ئەم ڕۆڵەی زمانی کوردی، بەرپرسیارێتی هەر تاکێکمان بەرامبەر زمانەکەمان گەورە دەکات و ئەو ئەرکە دەخاتە سەر شانمان کە نەک هەر زمانەکەی خۆمان بپارێزین، بەڵکو بەشێک لە فەرهەنگی مرۆڤایەتیش بۆ هەتایی بهێڵینەوە. لەبەر ئەوە ئەرکی هەموومانە ئەم زمانە شیرینە دێرینە بپارێزین. جا تکایە با وشەی (بەربانگی) شیرین نەگۆڕین بۆ (ئیفتار) ی عەرەبی.  لەبەر ئەوەی کە گۆڕینی وشە هیچ لە بیروبڕوامان ناگۆڕێت، نە زیادی دەکات نەکەم. بەڵام بزرکردنی وشەی بەربانگ، بەشێک لە مێژوو و فەرهەنگەکەمان بۆ هەتاییی لەتەک خۆیدا لەناودەبات. بەڵام دەبێت وریای ئەوەش بین کە کێشەکە زۆر لە وشەی (بەربانگ) قوڵترە. ئەم ڕەشەبا نوێیە خەریکە خوێندنەوەی کوردیی بۆ ئاینەکە لەناودەبات و لەبری خوێندنەوەی کوردیانەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مەولانا خالید، مەلای گەورە و مستەفا زەڵمی زانا، ئەو خوێندنەوە دەرەکیانەمان بۆ ئاینەکە دەهێننە کایەوە کە دەڵێن زەوی تەختە و نەورۆز حەرامە یان هەر جەژن نیە.

تێبینی: وێنەکە کۆمەڵێک لە موریدان و پیاوانی سەر بە ڕێچکەی سۆفیگەری نەقشبەندین لە تەک شێخ عوسمانی بیارەدا